Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەكه‌، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممه‌ ٢٠٢٢/٢/١٤، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكى لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕِیاردەر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه کۆبووەوه‌.
لە کۆبوونەوەکەدا، زیادبوونی باج و ڕسومات و دیاریکردنی باجە یاساییەکان بۆ کۆمپانیا گەورەکان لە باجدان گفتوگۆی لەسەر کرا و ئەندامان ڕاو سەرنج و تێبینییه‌كانی خۆیان لەباره‌یه‌وه‌ خستە ڕوو.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لێژنە بڕیاری دا نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بکات بۆ ناردنی خشتەی بڕ و جۆر و پاڵپشتیی یاسایی بۆ باجدان بەمەبەستی بەرچاوڕوونیی لێژنەکه‌.
لەمەڕ پرسی نەناردنی پڕِۆژەیاسای بودجەش له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، ئه‌و پرسه‌ تاووتوێ كرا و بابه‌ته‌كه‌ بەهەند وەرگیرا بۆئەوەی لێژنە بڕیار بدات نووسراو ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات به‌مه‌به‌ستی کۆبوونەوە له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و تاووتوێکردنی بابەتی باج بە گشتی.
هەروەها لێژنە بڕیاری دا، نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بکات بۆ بە قیستکردنی پێشینەی خانووبەرە.
لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، داواکارییە سەرەکییەکانی بەڵێندەرانی کوردستان گفتوگۆ کران و لە پەرۆشیی لێژنەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گلەیی و گازاندەکانی بەڵێندەرانی کوردستان، بڕیار درا لێژنەیەکی لاوەکی پێکبهێنرێت بۆ سەردانیکردنی وەزارەتی دارایی و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان.