Skip to the content
Menu

لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی گرنگ دەکات

بەمەبەستی بەدواداچوون و تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٢/٢١، لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی عه‌بدولسه‌تار مه‌جید، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەندامان هەڵوێستی خۆیان له‌باره‌ى دانەنانی پێوەری ئاو بۆ کەرتی کشتوکاڵ خستە ڕوو. هەروەها نرخی باج لەسەر هاوردەکردنی کەپەک و ئارد تاووتوێ کرا و لێژنە بڕیاری دا نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بکات بۆ ڕێگری نەکردن لە هاوردەکردنی کەپەک و ئارد بۆ هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئالیک گران نەبێت و بەهەمان شێوە بڕیار درا لێژنەیەک پێکبهێنرێت تا سەردانی وەزارەتی ناوبراو بکات بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە. لە چوارچێوەی هەمان بابەتدا، پرسی گومرک دانان بۆ پەین تاووتوێ کرا.
لە ته‌ورێكی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، لێژنە جەختی لەسه‌ر بابەتی نەفرۆشتن و بەکارنەهێنانی پاشماوه‌ى په‌له‌وه‌ره‌كان (مریشک) بۆ خواردنی ئاژەڵ کردەوە، کە بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە و قبوڵکراو نییە.
لە کۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، ئەو نووسراوانەی ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، وەڵامدرانەوە و ئەوانەی دیکەش ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کران بۆ کاری پێویست.