Skip to the content
Menu

لێژنەی كاروبارى شەهیدان بۆ گفتوگۆکردنى چەند پرسێك کۆبووه‌وە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممه‌ ٢٠٢٢/٢/٢٣، لێژنەی كاروبارى شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا.
کۆبوونەوەکە به‌ ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان ده‌ستیپێكرد، پاشان خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە کرا کە ئاڕاستەی لێژنەکە کرابوون، دوای ڕا و سەرنجی ئەندامان، کاری پێوێستییان له‌سه‌ر کرا و ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کران.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئەندامان و ڕاوێژکاران گفتوگۆیەکی چڕوپڕیان له‌سه‌ر چۆنیەتیی ڕێکخستنەوەی یاد و بۆنەکانی شەهیدان و جینۆساید كرد و جەختیشیان لەوە کردەوە کە بەردەوام ده‌بن لە هەوڵەکانیان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییه‌كانی کەسوکاری شەهیدان.
له‌ کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا میكانیزمى هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و چۆنیەتیی هێنانەوەی ڕووفاتەکانیان تاووتوێ كرا.