Skip to the content
Menu

لێژنەی كاروبارى شەهیدان چەند پرسێکى گرنگ تاووتوێ ده‌كات

بەمەبەستی بەدواداچوون و تاووتوێکردنی چەند پرسێکى گرنگی په‌یوه‌ست به‌ كارى لێژنه‌كه‌، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٢/٧، لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌، کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە کرا کە ئاڕاستەی لێژنەکە کرابوون، ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانه‌وه‌ هەبوو، وەڵام درانەوە، ئەوانەی تریش ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی کۆبوونەوەکه‌، گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر کێشەی کارتی زەویی ماڵباتی شەهیدانی جینۆساید، لێژنه‌كه‌ جەختى لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ئه‌و کێشەیه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆیان دروستکراوە، وێڕای پشتگیریی داواکەیان، نووسراو ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کرا.
له‌ كۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، تاووتوێی ڕاپۆرتی ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌ سەبارەت بە چەند پڕۆژەیەک كرا و خوێندنەوەش بۆ ڕاپۆرتی وۆرکشۆپی لێژنەی كاروبارى شەهیدان کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام درابوو کرا و ئەندامان و ڕاوێژکاران ڕاو سەرنجی خۆیان لەبارەیه‌وە خستە ڕوو.