Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی بەدواداچوون بۆ کەیسی قوربانییانی نۆکەندیی ئینگلیز دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٢/١٦، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕِەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتی کۆبوونەوەى ڕابردوو و دەرئەنجامه‌كانى.
پاشان لەلایەن سەرۆکی لێژنەكه‌وه‌ تەوەری سه‌ره‌كیی کۆبوونەوەکە خرایه‌ ڕوو کە گفتوگۆکردن بوو لەسەر چاره‌نووسی قوربانییانی نۆکەندیی ئینگلیز کە لەنێوان بەریتانیا و فه‌رەنسا لە ئەنجامی نقوومبوونی یەختێکی کۆچبەران سێ ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا بێسەروشوێنن، دوای گفتوگۆیەکی چڕی نێوان ئەندامان لەسەر ئەو کەیسە و بەمەبەستی بەدوادچوونی زیاتر، لێژنە بڕیارى دا بەم زووانە سەردانی کۆنسوڵخانەی ھەردوو وڵاتی فه‌رەنسا و بەریتانیا لە ھەولێر بکات.
ھەر پەیوەست بەم پرسەوە لە ماوەی ڕابردووشدا لێژنە نووسراوی تایبەتى ئاڕاستەی نوێنەرانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەریم لە وڵاتی فه‌رەنسا و بەریتانیا کردووە بۆ بەدوادچوون و زانینی چارەنووسی ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێمی کوردستان کە تا ئێستا بێسەروشوێنن.