Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی پێشوازیی لە کەسوکاری قوربانییانی دەریای ئیجە کرد

له‌ درێژه‌ی بەدواداچوونه‌كانى لێژنه‌كه‌ بۆ دۆزینەوە و زانینی چارەنووسی ئەو ھاووڵاتییانەی کە ڕۆژى ٢٠٢١/٧/٢٢، یەختەکەیان لە دەریای ئیجەدا نقوم بوو و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٢/٨، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، لە ھوڵی لێژنە لە تەلاری پەرلەمان، پێشوازیى لە کەسوکاری ئه‌و قوربانییانه‌ كرد.
لە دیدارێکدا لێژنەكه‌وە له‌ نزیكه‌وه‌ گوێى لە داواکارییەکانی خانەوادەی قوربانییان گرت بۆئەوەی هەموو ھەوڵێکى خۆی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ دۆزینەوە و زانینی چارەنووسی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لەو كاره‌ساته‌دا بوونه‌ قوربانی و تا ئێستا ھیچ ھەواڵێکیان لەبارەیه‌وه‌ نازانرێ، سەرەڕای ئەوەى کە سکاڵایان دەرهەق بەو نووسینگانەش تۆماركردووه‌ کەوا کەسەکانیان لە ڕێگه‌ی ئەوانەوە قاچاخچێتییان پێوە کراوە، بەڵام بەداخەوە ھیچ ئەنجامێکى نەبووە.
پاشان لێژنەکە خۆشحاڵیی خۆی بەو سەردانەى كه‌سوكارى قوربانییان بۆ لێژنه‌كه‌ ده‌ربڕی و لای خۆیه‌وه‌ سەرۆکی لێژنەكه‌ ئاماژەى بەوەدا کە پێویستە ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ یەکلاییکردنه‌وه‌ی ئەو کەیسە و ئامادەیی لێژنەكه‌شى بۆ هه‌موو جۆره‌ ھاوکاری و كارئاسانییه‌ك ده‌ربڕی و بەڵێنی ئەوەشى بە کەسوکاری قوربانییه‌كاندا كه‌ لێژنه‌كه‌یان ھەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت تا دەگەنه‌ ئەنجامێک بۆ زانینی چارەنووسی ئەو کەسانە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانییان.
لە کۆتاییدا كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا كه‌سوكارى قوربانییان چەند دۆکۆمێنتێکیان سەبارەت بە قوربانییان خسته‌ به‌رده‌م لێژنەكه‌ و له‌سه‌ر داوا و سكاڵای كه‌سوكارى قوربانییانیش لێژنه‌كه‌ بڕیاری دا داوا له‌ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم بكات ئەو نووسینگانەى كه‌ لەژێر ناوی گەشتوگۆزار و وه‌بەرھێنان، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن دابخرێن و خاوەنەکانیشیان ڕووبەرووی یاسا بکرێنەوە و بە سزای خویان بگەیه‌ندرێن.
ھەروەھا لێژنە بڕیارى دا سەردانی كونسوڵخانەی یۆنان بکات و داوایان لێ بكات ھەوڵی جدی بدرێت بۆ دۆزینەوە و زانینی چارەنووسی ونبووه‌كان و ھەروەھا لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ باڵیۆزخانەی حکوومەتی عێراق له‌ یۆنان ئەم کەیسە یەکلا بکاتەوە.