Skip to the content
Menu

لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە ھەماھەنگیی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان لەگەڵ ژمارەیەک توێژەر له‌ بواری پەروەردە کۆبووەوە

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕِۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری، بەیانیی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٢/٢١، لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، بەسەرپەرشتیی موسلیم عه‌بدوڵا، جێگری سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ژماریەک لە ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌، بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوه‌یەکی فراوانیان لەگەڵ ژمارەیەک توێژەر له‌ بواری پەروەردەدا ئەنجام دا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، جێگری سەرۆکی لێژنە، وێڕای بەخێرھێنانی ئاماده‌بووان، پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ى گرنگیی پڕِۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری بۆ کەرتی پەروەردە و فێركردن خسته‌ ڕوو.
دواتر ئاماده‌بووان کە پێکھاتبوون لە ژمارەیەک لە توێژەرانی بواری پەروەردە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ھەریەک بەپێی پسپۆڕیی خۆیان بەجیا لە ڕێگه‌ی توێژینەوەیەکەوە تیشکیان خستەسەر ئاریشەکانی به‌رده‌م پرۆسەی پەروەردە و کەموکوڕییەکانی پڕۆژەیاساکە، ھەروەھا لە ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی لە بواری پەروەردە کردوویانە، تێبینی و پێشنیازەکانی خۆیان ئاراستەی لێژنەكه‌ى په‌رله‌مان کرد بۆئەوەی لە كاتی كاركردن له‌سه‌ر پڕِۆژەیاساكه‌ سوودیان لێوه‌ربگیرێ.
لەکۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لێژنەكه‌ بەڵینی بەهەندوەرگرتنی پێشنیازەکانی پێدان كه‌ کاری جدیی لەسەر دەکەن بۆئەوەی لە پڕِۆژەیاساکەدا ڕەنگدانەوه‌ی هەبێت.