Skip to the content
Menu

ڕاگەیەنراوێك له‌ لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان

بەداخەوە سەرەڕای تەجریمکردن و شەرمەزارکردنی تاوانی کوشتنی ئافرەتان لە ڕووی یاسایی و ئاینی و داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردستانییەوە، کەچی هەفتە و مانگ نییە گوێبیست و شاهێدی تراژیدیای کوشتنی ئافرەتێک نەبین لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوای مانەوەی نزیک لە هەفتەیەک لە نەخۆشخانە، خاتوو (شنیار هونەر)، بەهۆی زۆریی سووتانەکەیەوە گیانی پەپوولەئاسای سپاردوو بووە قوربانییەکی دیکە لە زنجیرەی ئەو ژنانەی کە بە پاساوى ناڕه‌وا و تاوانی دڕندانە کوژران لە هەرێمی کوردستان، لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی ئەمساڵدا.
ئێمە لە لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕای سەرەخۆشیمان لە خانەوادەی (شنیاری جوانەمەرگ) و ئەو ۸ ژنەی لەماوەی ئەمساڵدا بوونە قوربانیی دەستی تووندوتیژی لە کوردستان، ئەم تاوانە قێزەونە شەرمەزار دەکەین و داوا لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری دەکەین کە تاوانباران و بکوژانی ژنان بە قورسترین سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگه‌یەنن و سنوورێک بۆ ئەم تاوانە دابنێن، کە خەریکە ناو و ناوبانگی هەرێمەکەمان لەکەدار بکات.
لێرەوە دەمانەوێت بە خەڵکی کوردستانی ڕابگەیەنین کە لە پەرلەمانی کوردستان دەستمان کردووە بە پێداچوونەوە بەو یاسایانەی کە پێویستییان بە گۆڕانکاری و دەستکاریکردن هەیە تاوەکو بەجۆرێک دایانبڕێژینەوە کە ببنە قەڵغانێک بۆ پارێزگاریکردن لە ژیان و کەرامەتی ژنان و ڕێگربن لە هەر کەسێک کە بیەوێت تاوانی کوشتن بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام بدات.
لە هەمان کات بەدواداچوونی ورد و بەردەوام دەکەین بۆئەوەی تاوانباران و ئافرەتکوژان بە سزای یاسایی و دادپەروەرانە بگەیەنرێن.
لە کۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ گیانی ئەو ئافرەتانەی کە کوژراون و بکوژانیان شەرمەزار دەکەین و داواکارین لە یەزدانی مەزن ڕۆحی پاکیان بە بەهەشت شاد بکات.

لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت له‌ پەرلەمانی کوردستان

٢٣ی شوباتى ٢٠٢٢