Skip to the content
Menu

شاندێكی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی سەردانی كونسوڵخانەی میسر له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

بەمەبەستی گفتوگۆكردن و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی قوتابییانی ھەرێمی کورستان لە وڵاتى میسر، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٢/٢٠، شاندێکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرۆكایه‌تیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکى لێژنه و ئه‌ندامیه‌تیی ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌، سەردانی كونسوڵخانەی وڵاتی میسر-ى له‌ هه‌رێمی كوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، سەرۆکی لێژنەكه وێڕِای دەربڕینی خۆشحاڵیی بە بوونی كونسوڵخانەی میسر لە ھەولێر، پاڵپشتیی لێژنه‌كه‌یانی بۆ ھەموو جۆره‌ ھاوکارى و هه‌ماهه‌نگییەک نیشاندا، ھاوکات جەجتی لەسەر پێویستیی بنیادنانی پەیوەندی له‌نێوان پەرلەمانی كوردستان و په‌رله‌مانی میسر بۆ گۆڕینه‌وه‌ی زانیارى له‌ چوارچێوه‌ى كارى په‌رله‌مانیدا کردەوە.
داوتر باسی له‌ سەرجەم ئەو کێشە و گرفتانە كرد کە دێنە بەردەم قوتابییانى هه‌رێمی كوردستان كه‌ لە وڵاتی میسر ده‌خوێنن، بە تایبەتی گرفتی ڤیزە و چوون و ھاتنیان بۆ کۆنسوڵخانه‌ خستە ڕوو، داواشى له‌ كونسوڵی میسر کرد کە ھەموو ھەوڵێكی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئه‌و قوتابییانه‌ بخاتە گەڕ.
لای خۆیه‌وه‌ کۆنسوڵی میسر، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی لێژنەكه‌ بۆ كونسوڵخانه‌كه‌یان دەربری و بەڵێنی ئەوەشی بە لێژنەكه‌ دا کە ھەموو ھەوڵێكی خۆی دەخاته‌ گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی قوتابییانی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی میسردا.