Skip to the content
Menu

وێركشۆپێك سه‌باره‌ت بە پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت به‌ڕێوه‌چوو

ئەمڕۆ شەممە ۲۰۲۲/۲/۲٦، بەمەبەستی وەرگرتنی دید و سەرنجی شارەزایانی بوارە جیاوازەکان، نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە سۆران بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران وەیسی سەعید وەیسی، حەسیبە سەعید ئیبراھیم، و خه‌دیجە عومه‌ر تەھا، وێركشۆپێكی سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت ساز کرد.
لە وێڕکشۆپەکەدا ژمارەیەک لە شارەزایانی بواری یاسایی و ئاینی و کۆمەڵناسی و مامۆستایانی زانکۆ ئامادە بوون.
سەرەتای وێڕکشۆپەکە پەرلەمانتار وەیسی سەعید وەیسی بەرپرسی نووسینگەی سۆرانی پەرلەمانی کوردستان مەبەستی سازکردنی وێرکشۆپەکەی خستە ڕوو، کە بۆ زیاتر سوود وەرگرتنی دید و سەرنجی پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکانە لە ھەمبەر پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پێشنیازەیاساکە.
پاشان لەلایەن ھەریەک لە پەرلەمانتاران خه‌دیجە عومه‌ر تەھا و حەسیبە سەعید ئیبراھیم، ھەڵوەستە لە ھەمبەر یاساکە کرا و بەکارێکی گرنگ دانرا بۆ پاراستنی تاک و خێزان و کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، دڵنیاییاندا کە بە پەسندکردنی یاساکە کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە کەمتر دەبێتەوە.
پاشان لەلایەن بەشداربووانی وێركشۆپەكە گفتوگۆیەکی تیروتەسەل لەسەر پێشنیازەیاساکە و یاسای ژمارە ۸ی ساڵی ۲۰۱۱ كرا.
شایەنی باسە لە ھەرێمی کوردستان یاسای ژمارە ۸ی ۲۰۱۱، تایبەت به‌ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت کاری پێ دەکرێت، بەڵام لەبەر ھەبوونی بۆشایی یاسایی لە خودی یاساکەدا، بوونی یاسایه‌کی تر بە پێویست زانرا.