Skip to the content
Menu

بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای پەروەردە لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا کۆبووەوە

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/١/١٦ لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای پەروەردە، به‌ سه‌رپه‌رشتی عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ری سه‌رۆكی لێژنه‌ و بە ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاویژكارانی لێژنه‌کە كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا.

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ باسی لە گرنگی و هەستیاریی ئەم پرۆژەیاسایە بۆ ڕێکخستنی زیاتری کەرتی پەروەردە کرد، کە پەیوەندی بە زۆرینەی خەڵکی کوردستانەوە ھەیە، پاشان ئەندامانی لێژنە ڕا و سەرنجی خۆیان لەسەر ماددە و بڕگەکانی پرۆژەیاساکە خستە ڕوو.

لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا بڕیاری دا بۆ دەوڵەمەندکردن و ڕێکخستنی سەرجەم ماددەکانی ناو پڕۆژەیاساکە بیر و بۆچوون و پێشنیاری شارەزایان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە و مامۆستایانی بەئەزموون لەم بارەیەوە وەربگرن، هەورەها وێرکشۆپی تایبەت ساز بکەن.

بڕیار وایە سبەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٢/١/١٧ تیمی وەزارەتی پەروەردە بێنە پەرلەمان بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر و گفتوگۆکردن لەسەر تەواوی پرۆژەیاساکە.