Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی شارەوانی سەردانی وەزارەتی شارەوانيی کرد

بەمەبەستی گفتوگۆکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێک، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١/٥، شاندێکی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، کە پێکھاتبوو لە لوقمان وەردی سەرۆکی لێژنە و نزار مەلا غەفار بڕیاردەری لێژنە و د. محێدین حەسەن ئەندامی لێژنەکە، سەردانی وەزارەتی شارەوانیی کرد و لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیى لێکرا.
لە دیدارێکدا چەندین پرس گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، لەوانە دروستبوونی لافاو و لێکەوتەکانی و زیانە گیانی و ماددیەکانی ھاووڵاتیيان، کە لەلایەن شاندی لێژنەکەوە پێداگیری کرا کە ئەو زێدەڕۆییانەی لەسەر ڕێڕەوەکانی ئاوی گەڕەکەکان دانراون لەلایەن وەزارەتەوە لا ببرێن، ھەروەھا پرسی خۆڵ و خاشاک و پێوەری ئاوی ماڵان تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو.
بابەتێکی تری گفتوگۆی نێوانیان پرسی بە ھەدەردانی پارەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ھەولێر بوو، کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە لێژنەیەک پێکھێنراوە بۆ بەدواداچوون و وەرگرتنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕيیەکان لەو بارەیەوە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی بەڵێنی بە شاندی لێژنەکەی پەرلەمان دا، کە بۆ ھەموو ئەو بابەتانە بەدواداچوونی جددی بکەن و ھەوڵەکانی خۆیان وەگەڕ بخەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان.