Skip to the content
Menu

لێژنەی کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ پلان و بەرنامەی کاری وه‌رزى داهاتووى تاووتوێ كرد

بەمەبەستی بەدواداچوون و تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١/١٢، لێژنەی كاروبارى کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی ڕۆمیۆ ھەکاری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی ئەو نووسراو و یاداشتانەی ئاڕاستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان، وەڵامی پێویستییان درایەوە.
دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر نووسینی ڕاپۆرتی لێژنە لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (٧٦)ی ساڵی ١٩٨٣و هەموارەکانی لە هەرێمی کوردستان)، کە لە دانیشتنی ژمارە ١٦ی ئاسایی لە ٢٠٢١/٦/٢٨، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە باسکردن و خوێندنەوەی کۆبوونەوە و کار و چالاکییەکانی بەشداریکردنی ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە لە کۆنفڕانس و کۆبوونەوەکانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان لە ماوە ڕابردوودا.
پرسێکی دیکەی ناو کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر بابەتی وەرگرتنی ڕەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی کۆکردنەوەی داتاکانی حوکمدراوان لە چاکسازییەکان.
کۆتا تەوەری کۆبوونەوەکە دانانی پلان و بەرنامەی کاری وه‌رزى داهاتووى لێژنه‌كه‌ بوو بۆ ئەنجامدانی سەردانی مەیدانیی چاکسازییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان.