Skip to the content
Menu

لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیيەکان چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١/٢٤، لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیيەکان، بەسەرپەرشتیی شاخەوان ڕەئووف بەگ، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌ کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بۆ خوێندنەوە و وەڵامدانەوەی ئەو نووسراو و ڕاپۆرتانە تەرخان کرابوو کە ئاڕاستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆرینەوەی ئەندامان لەسەری، ئەوانە پێویستییان بە وەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کارى پێویست، هه‌روه‌ها لێژنەى لاوه‌كیش بۆ بەدواداچوونی ھەندێک لە نووسراوەکان پێکھێنرا.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە تاووتوێکردن و ھەڵسەنگاندنی چەند سەرنج و تێبینییەکی یاسایی سەبارەت بە پێشنیازه‌یاسای بەرکارکرن و ھەمواری یاسای گرتنی مایەی قاچاغ و قەدەغەکراو بۆ ئاڵوگوڕکردن لە بازاڕە نێوخۆییەکان، ژمارە /١٨ی ساڵی ٢٠٠٨ی ھەموارکراو)، بۆئەوەی ڕاپۆرتی کۆتایی لێژنەكه‌ی له‌سه‌ر ئامادە بکرێت و ئاڕاستەی لێژنەى كاروبارى یاسایی بکرێت بەمەبه‌ستی ڕاستاندنى تا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان و خوێندنەوەی دووەمى بۆ بکرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا گفتوگۆ کرا لەسەر دەرکردنی ڕێنمایی بۆ وەرگرتنی ڕِێپێدراوان لە خولی ئەفسەران لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوه‌.