Skip to the content
Menu

یه‌كه‌م دانیشتنی گوێگرتنى تایبه‌ت به‌ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت به‌ڕێوه‌چوو

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١/٣١، بە ئامادەبوونی د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، منی نبی قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا و ژمارەیەک لە نوێنەری وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی و کونسوڵخانەکان، لێژنەی داکۆکیکردن لە مافى ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان و پەیمانگەی دیموکراسی نیشتیمانی (NDI)، وێرکشۆپی دانیشتنی گوێگرتنى تایبه‌ت به‌ پێشنیازەیاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت ە هەرێمی کوردستان-عێراق) به‌ڕێوه‌چوو.
سەرەتا لەلایەن فوئاد ئەحمەد، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، وتاری بەخێرهێنان پێشکەش کرا، پاشان لەنجە دزەیی، سەرۆکی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، لە وتارێکدا مەبەستی وێرکشۆپەکەی لەبارەی قسەکردن لەسەر یاساکە خستە ڕوو، دواتر ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی جێبەجێکردنی یاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت لە هەرێمی کوردستان-عێراق).
لە تەوەرێکی دیكه‌ی وێركشۆپه‌كه‌دا، پڕۆسەی دانیشتنەکە ئەنجام درا و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت، گوێ لە لایەنی پەیوەندیدار گیرا کە پێکهاتبوو لە سەرۆکی دەستەکان و دادوەران و ڕاوێژکاران و توێژەران و ئەکادیمیستان و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، كه‌ هەریەکەیان لەلایەن خۆیانەوە کێشە و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکە خسته‌ ڕوو و چه‌ندین تێبینی و پێشنیازیشیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پێشنیازەیاساکە خسته‌ ڕوو.
شایانی باسە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی گشتی گوێگرتن گرێ بدرێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی پەرلەمانەوە‌ ئاراستەی لێژنەکان دەکرێت.