Skip to the content
Menu

به‌رلین.. شاندی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وندی كوردستانى سەردانی ئەکادیمیای بەناوبانگی کۆنراد ئادیناوەر شتیفتۆنگ ده‌كات

لەدرێژەی کارو چالاکییەکانیدا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، شاندی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێبوار بابكه‌يی، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئه‌ندامیه‌تیی چیا حه‌مید شه‌ریف و محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، ئه‌ندامانى لێژنه‌كه‌، كه‌ ئێستا به‌سه‌ردانێك له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیایه‌، سەردانی ئەکادیمیای بەناوبانگی کۆنراد ئادیناوەر شتیفتۆنگ-ى کرد، کە تایبەتە بە داڕشتنی سیاسەت و بڕیاره‌کانی پارتی (CDU) لە ڕۆژھەلاتی ناڤین و لەگەڵ د. جەنان، بەرپرسی بەشی ڕۆژھەلاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا و جێگرەکەی سیمون ئینگیلکیس کۆبووەوە.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخی سیاسی و پەرلەمانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ کرا، شاندی لێژنەكه‌ی په‌رله‌مان، سوپاسی ڕۆلی پارتی CDUی ئەڵمانیا و حکوومەتی ئەو وڵاتەی کرد کە لەماوەی شەڕی داعشدا ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد و ھیوای خواست حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە ھەمان سیاسەتی حکوومەتی پێشوو لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بگرێتە بەرو بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی ھەرێمی کوردستاندا.
لای خۆیه‌وه‌ سەرۆکی دامەزراوەکە ئاماژەی بە گرنگیی بنەمای پێکەوەژیان کرد لە ھەرێمی کوردستان كه‌ له‌نێوان پێکھاتەکاندا ھەیە و ستایشی ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستانیشی کرد.