Skip to the content
Menu

بەیاننامەی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکان لەبارەی دەستدرێژی کردنە سەر پێشمەرگەیەکی کاکەیی

بەداخەوە دوای ئەوەی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە، بێڕێزی کراوەتە سەر پێشمەرگەیەك بە ناوی ( ئەیمەن عەبد جاسم) لە برایانی کاکەیی. 

دور لە بنەماکانی مافی مرۆڤ سوکایەتی پێ کراوە و لە هەمان کاتدا هەستاون بە ئەنجامدانی هەندێک کاری ناشیاوی دژ بە ئازادی تاکەکان، ئەو کارەش دژی ماف و ئازادیی تاکەکانە کە لە ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان و دەقەکانی دەستووری عێراقی دەستەبەریان کردووە، هاوکات پێچەوانەی بنەماکانی پێکەوەژیانە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی، دواجار لە پشێوی زیاتر هیچیتری لێ ناکەوێتەوە، ئۆباڵی ئەوەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەنجامدەرانی ئەو کارە.
وەکو لیژنەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو کارە دەکەین، پاڵپشتی تەواومان بۆ ئەو پێشمەرگەیە دەردەبڕین و داوا لە دەسەڵاتی ئیتیحادیش دەکەین، ڕێگە بەو جۆرە کارانە نەدات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکات و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

لیژنەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان
۲٤ ی تەموزی ساڵی ۲٠۲۲