Skip to the content
Menu

به‌رلین.. شاندی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ وتەبێژی ھەردوو فراکسیۆنی ھاوپەیمانی CDU و CSUی پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبووەوە

لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٧/٦، شاندی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، بەسەرۆکایەتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئەندامیەتیی چیا حه‌مید شه‌ریف و محه‌مه‌د سه‌عدەدین، ئەندامانی لێژنەکە، لەلایەن فولکمار کلاین، پەرلەمانتار و وتەبێژی ھەردوو فراکسیۆنی ھاوپەیمانی (CDU و CSD) لە پەرلەمانی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا پێشوازیى لێکرا.
لە دیدارێکدا، شاندی لێژنەکەی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی ڕۆڵی پارتی CDUی ئەڵمانیا و ڕۆڵی خاتوو ئەنگێلا مێرکڵ و حکوومەتەکەیان کرد کە لەماوەی شەڕی داعشدا ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد و ھیوایان خواست حکوومەتی نوێى ئەو وڵاتە ھەمان سیاسەتی حکوومەتی پێشوو بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بگرێتەبەر و بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی ھەرێمی کوردستاندا.
سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانى، سوپاس و ستایشی بڕیاری پەرلەمانی فیدڕاڵیی ئەڵمانیاى کرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزەکانیان لە ھەرێمی کوردستاندا، داواش کرا پەیوەندییەکانی پەرلەمانی له‌نێوان ھەردوولا زیاتر پەرەی پێبدرێت و گرووپی دۆستایەتیی نێوان ھەردوو پەرلەمان دروست بکرێت.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، تیشک خرایەسەر ئەو پێکەوەژیان و تەباییەى نێوان پێکھاتەکان، مافی نەتەوەیی و کلتووری، بەشداریی کایەی سیاسی، کە لەھەرێمی کوردستاندا ھەیە.
لای خۆیەوە پەرلەمانتار فولکمار کلاین، خۆشحاڵیی خۆی به‌سەردانەکەی شاندی لێژنەكه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان دەربری و ڕاشیگەیاند: "کە ئەوان سوپاسگۆزاری پێشمەرگەن و ستایشی ئاسایش و بەرقەراریی کوردستانن و بەھەموو شێوەیەک دژی ھەر جۆرە ھێرش و ھەوڵێکن بۆ تێکدانی ئەو ئاسایشەى كه‌ هه‌یه‌"، ھەروەھا پشتیوانیی خۆیشی بۆ دروستکردنی گرووپی دۆستایەتیی پەرلەمانی له‌نێوان ھەردوو پەرلەماندا ده‌ربڕی.