Skip to the content
Menu

جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لە لێژنەی خانەقین شاری پێکەوەژیانە کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۰۲۲/۷/۲۷، د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی جوان ڕۆژبەیانی سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێشوازی لە لێژنەی (خانەقین شاری ئاشتی و پێکەوەژیانە) کرد.

لە دیدارێکدا، ، لێژنەکە کە لە چەند کەسایەتییەکی شاری خانەقین پێکهاتبوون یاداشتێکیان پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد، لە یاداشتەکەیاندا باسیان لە ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ کردووە، کە چۆن خەڵکی خانەقین ڕووبەڕووی زۆڵم و تەعەددای گرووپەکانی حەشدی شەعبی بوونەتەوە و ڕێگەیان نەداوە ئاڵای کوردستان بهێندرێتە خوارەوە، باسیان لەوەش کردووە کە تاکو ئێستا ئاڵای کوردستان بە بەرزی لە خانەقین دەشەکێتەوە.

لە بەشێکی تری یاداشتەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە لەلایەن چەند خۆبەخشێکی خانەقین واژۆی ٦٥ هەزار هاووڵاتی کۆکراوەتەوە و داوایان کردووە خانەقین بێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە وەکو دامەزراوەیەکی شەرعی هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی ئەو هەڵوێستە دڵسۆزانەیەی لێژنەکەی کرد و ئەوەی خستەڕوو وەکو پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ هەموو هەوڵێک دەگرنە بەر بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر هەرێمی کوردستان.