Skip to the content
Menu

لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت کار لەسەر ڕاپۆرتی یەکەمى پێشنیازه‌یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٧/٢٧، لێژنه‌ی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت، به‌سه‌رپه‌رشتیی لەنجە دزەیی، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌کە، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا.
سەرەتای كۆبوونه‌وەکە گفتوگۆ کرا لەسەر بەرەوپێشچوونی ھەنگاوەکانی کارکردن لەسەر ڕاپۆرتی یەکەمی لێژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازه‌یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت، بۆئەوەی لە وەرزی داھاتوو جەختی لێبکرێتەوە و بخرێته‌ پێشینەکانی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە باس لە سەردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی لێژنه‌ كرا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت و دادگا بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕێکارانەی کە گیراونەتەبەر لەپێناو بەرەنگاربوونەوە و نەھێشتنی تووندوتیژی بەرامبەر بە خێزان و ئافرەت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، پلان دانرا بۆ دروستكردنی پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان له‌پێناو خزمەتکردنی زیاتری پرسی ئافرەت لە ڕووی یاسادانان و بەدواداچووندا.