Skip to the content
Menu

لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووری زه‌مینه‌سازی بۆ ئاماده‌كردنی چه‌ند ڕاپۆرتێكى گرنگ ده‌كات

بەمەبەستی زه‌مینه‌سازیكردن بۆ ئامادەکردنی چەند ڕاپۆرتێکی پەیوەندیدار بە کاروباری لێژنەكه‌، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٧/٢٦، لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووری، بەسەرپەرشتیی زیاد جه‌بار، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی لێژنە پوخته‌یه‌كی له‌بارەی ئامادەکارییەکانی لێژنەكه‌ بۆ ئامادەکردنی ١٢ ڕاپۆرت لەسەر بابەتەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان و کێشەی باج و ڕسومات و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگه‌کان و چەند بابەتێکی تری پەیوەندیدار بەژیان و گوزارەنی هاووڵاتییان خسته‌ڕوو، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک سەرۆکایەتیی لێژنە ڕاپۆرتەکان ئامادە دەکەن و لە کۆبوونەوەی داهاتووی لێژنەكه‌ گفتوگۆی لەسەر دەکەن و بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.
دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر ڕاپۆرتی بەراوردکاری لەنێوان هەرسێ ڕاپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ئەندامان ڕا و سەرنجی خۆیان لەسەر ناوەڕۆکی ڕِاپۆرتەکە خستەڕوو، بڕیار درا ڕاپۆرتەکە ڕێکبخرێتەوە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بەمەبەستی ئاگاداربوون و کاری پیویست.