Skip to the content
Menu

لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ سەردانی خانەكانی بەساڵاچووان و منداڵانی بێسەرپەرشت و شەڵتەری ژنان دەكات

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٧/٢٧، لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیى ڕۆمیۆ هەكاری، سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكى لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لێژنەكە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.
سەرەتای كۆبوونەوەكە ئەو نووسراو و سكاڵایانەی ئاراستەی لێژنەكە كرابوون خوێندنەوەیان بۆ كرا و دوای گفتوگۆكردن و ڕاگۆڕینەوە لەنێوان ئەندامانی لێژنەكە، بەشێكیان وەڵامدرانەوە و ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیى پەرلەمان كران بۆ كاری پێویست.
لە تەوەرێكی دیكه‌ی كۆبوونەوه‌كەدا، باس لە كۆمەڵێك كێشە و گرفتی كۆمەڵایەتی و پرسی مافی مرۆڤ لە هەرێم كرا، هه‌وره‌ها باس لە ڕەوش و بارودۆخی سزادراوان لەناو چاكسازییەكاندا كرا و ئەو كێشە و گرفتانەی لەسەرجەم سێكتەرەكان بوونیان هەیە و بوونەتە بەربەست لەبەردەم پێشوەچوونی كارەكان تاووتوێ كران، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنە بڕیاری دا سەردانی هەموو لایەنەكان بكات بەئامانجی دۆزینەوەی ڕێگه‌چارە بۆ سەرجەم كێشە و گرفتەكان و سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمى كوردستاندا.
هه‌ر له‌ كۆبوونەوەكەدا و لە چوارچێوەی بەرنامەی كاری لێژنەكە بۆ بەدواداچوونی كێشە و گیروگرفتەكانی كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ، بڕیار درا هەفتەی داهاتوو لێژنه‌كه‌ سەردانی دامودەزگاكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و چاكسازییەكانی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، وەك خانەكانی بەساڵاچووان و منداڵانی بێسەرپەرشت، لەگەڵ شەڵتەری ژنان و چاكسازییەكانی گەوران و ژنان و منداڵان و ئاسایشی گشتی لە شاری هەولێر بكات.