Skip to the content
Menu

لێژنەی پێشمەرگە لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٧/١٨، لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤینگ ھرۆری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جەمال ھەروتی و سەروان ھەرکی، ئەندامانی لێژنەكه‌، له‌ هۆڵی لێژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە.
لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، داواکاریی ژماره‌یه‌ك له‌ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە کە بێ میلاکن و کێشەی پلەبەرزکردنەوە و نەبوونی میلاک و چەند پرسی تریان هه‌بوو، گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش شاندی میوان یاداشتێکی چەند خاڵییان خسته‌ به‌رده‌م لێژنەکەى په‌رله‌مان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، لێژنەی پێشمەرگە تاووتوێی داواکاریی ژماره‌یه‌ك له‌ ئەفسەرانی پێشمەرگەى کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆکاری جیا پلەبەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە و لەکاتی خانەنشینبووندا بەو پلەیه‌ی کە شایستەی بوون و بەپێی ئەو ساڵانەی کە خزمەتیان ھەیە خانەنشین نەکراون.
لەکوتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لێژنەی کاروباری پێشمەرگە بەڵێنێ بە شاندی میوان دا کە له‌ ڕێگه‌ی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانه‌وه‌ بەدواداچوونی جدی بۆ کێشە و داواکاریەکانیان بکرێت.