Skip to the content
Menu

پەرلەمانی کوردستان بە توندی ئیدانەی تۆپبارانی سەیرانگەی پەرەخی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکات

بە داخەوە جارێکی دیکە بە ھۆی لێکەوتەکانی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی تورکیا و پەکەکە لە ناوچە سنورییەکان، و بە ھۆی تۆپبارانی سوپای تورکیاوە بۆ سەر ھاوینەھەواری پەرەخی سنوری دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
پەرلەمانی کوردستان وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی ئەم تۆپبارانەی سوپای تورکیا، داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین بە پێی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی بە ئەرکی یاسایی و دەستووری خۆی ھەستێ و سەروەری ئاسمان و خاکی ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراقدا لە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی وڵاتانی دەوروبەر و ھێزە لە یاسا دەرچووەکان بپارێزێت و ھەموو ھەنگاوێکی یاسایی و دیپلۆماسی بگرێتە بەر بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم پەلامارانە.
پێویستە تورکیا و پەکەکە بەڵای شەڕ و ململانێکانیان لە خاکی ھەرێمی کوردستان دووربخەنەوە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان و سەروەری ھەرێم لە کێشە و ناکۆکییەکانیان دوور بخەنەوە.
داوا لە دامەزراوە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین ھەموو ھەوڵەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بخاتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یەکجارەکی و دڵنیاکردنەوەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و عێراق کە پەلامار و ھێرشەکانی وڵاتانی دەوروبەر و ھێزە لەیاسادەرچووەکان پارێزراو دەبن.
پرسە و سەرەخۆشی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی خزم و کەسوکاری ئەو ھاووڵاتییە گەشتیارانە دەکەین کە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە ھاتبوونە ناوچە دڵرفێنەکانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە بوونە قوربانی شەڕ و ناکۆکیەک کە ھیچ پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە نیە.
لێژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕادەسپێرین بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم رووداوە نەخوازراوە بکەن و رێکاری پەرلەمانی بگرنە بەر.
پەرلەمانی کوردستان
۲۰۲۲/۷/۲۰