Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان چەند بڕیارێکی لەبارەی (بنکەی یاسادانان) دەرکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۰۲۲/۷/۲۷، د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی کارەکانی (بنکەی یاسادانان)، و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوتی کارکردنی ئەو بنکە پەرلەمانییە، لەگەڵ بەرپرس و کارمەندانی بنکەکە کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەر یەک لە بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و سەرنووسەری ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان و ژمارەیەک لە تەکنیکاران تێدا بەشدار بوون، د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستە سەر کارکردنی بنکەی یاسادانان، کە لەماوەی ڕابردوودا وەکو تێست کارەکانی کردووە، هاوکات بۆ باشترکردنی ئەدای بنکەکە بڕیاریدا لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە ناساندنی زیاتری بۆ بکرێت و لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاو بکرێتەوە، و بە نووسراوێکی فەرمیش بنێردرێت بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری و سەرجەم زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان، یەکێکیتر لە بڕیارەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گۆڕینی ناو و نێوەڕۆکی بنکە ئەلیکترۆنییەکە بوو، بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ نێوەڕۆک و گرنگی ڕۆڵی بنکەی یاسادانان، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دا ماوەی تێستی بنکەی یاسادانان بۆ سێ مانگیتر درێژ بکرێتەوە تاکو ئەو کاتەی کە بە تەواوەتی کەم و کوڕییەکانی چارەسەر دەکرێن.