Skip to the content
Menu

شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی پەرلەمانی یۆنان ده‌كات

ڕۆژی ٢٠٢٢/٧/١٧، لەسەر بانگهێشتی ڕەسمیی پەرلەمانی یۆنان بەپشتیوانیی کونسوڵی یۆنان لە هەولێر، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی ئەردەلان محه‌مه‌د سەرسپی، سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان و ئه‌ندامیه‌تیی هیوا نه‌سره‌دین، جێگری سەرۆکی دیوان و بەڕێوەبەرانی بەشە جیاجیاکانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی یۆنانی کرد.
لە بەرنامەیەکی دوو ڕۆژەدا کە پێشتر داڕێژرابوو، سەرەتا و لە ڕۆژی یەکەمدا لەلایەن نیکیتا کاکلامانیس، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی یۆنان و بەرپرسانی باڵای دیوانی پەرلەمان پێشوازیى لێکرا.
‎لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرەتا سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان سڵاوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی گەیاندە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی یۆنان و کورتەباسێکیشی لەبارەی دروستبوون و گەشەکردنی پەرلەمانی کوردستان باس کرد، پاشان تیشکی خستەسەر هەماهەنگی و دۆستایەتیی نێوان پەرلەمانی هەردوولا.
‎دواتر جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی یۆنان، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەربری و بە وردی باسی پڕۆسەی یاسادانان و ئەرکە دیموکراسی و کارگێڕییەکانى لە پەرلەمانی یۆنان و مێژووی دروستبوونی وڵاتی یۆنان کرد، لەهەمان کاتدا جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.
‎لە دووەم ڕۆژی سەردانی شاندی باڵای سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرلەمانی یۆنان، بەگەرمی لەلایەن یورغیوس میلۆناکیس، سکرتێری گشتیی پەرلەمانی یۆنان پێشوازیی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا بە وردی باس له‌ پلانی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی دیوانی هەردوولا کرا و جەختی لەسەر کرایەوە.
‎لەهەمان ڕۆژدا چەندین کۆبوونەوەی چڕِوپڕ ئەنجام درا لەگەڵ هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیوەندییه‌کان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارایی و ڕاوێژکاری تەکنیکیی پڕۆگرامی ئەوروپی، لە کۆبوونەوەکاندا بە وردی باسیان لە پڕۆسەی یاسادانان و هەیکەلی کارگێڕی و ئەرکە کارگێڕییەکان کرد.
سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە باسی لە نزیکی و لە یەکچوویی سیستەمی کارکردنى لە پەرلەمانی هەردوولا کرد.
‎دواتر شاندی په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رجه‌م بەڕێوەبەرایه‌تی و بەشە جیاجیاکانی پەرلەمانی یۆنانی بەسەر کردەوە.
پێویستە بووترێت بۆ یەکەمین جارە شاندێکی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتێکی خاوەن درێژترین ئه‌زموونی پەرلەمانی، سەردانى په‌رله‌مانی وڵاتێکی دیکە بکات و لەبارەی پێشخستنی دامەزراوەی پەرلەمانی گفتوگۆ بکات.
ئەم سەردانەش بەرهەمی جدییەت و ماندووبوونی هەردوولا و کونسوڵخانەی یۆنان لە هەولێر و سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان بوو.