Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی پێشوازی لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان کرد

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲۰۲۲/٦/۹ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد، کە پێکهاتبوون لە ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، هەورامان علی تۆفیق جێگری سەرۆکی کۆنفیدڕاسیۆن، مەمێ مەمۆیی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی و سەلام کوردە ئەندامی لێژنەی چاودێری کۆنفیدراسیۆنەکە.

لەدیدارێکدا د. هێمن هەورامی وێڕای دەستخۆشی لە کاروچالاکی و هەنگاوەکانی کۆنفیدراسیۆنەکە، جەختی لە کارکردنیان بە ئاڕاستەی کوردستانییانە بۆ ناساندنی پرسە نیشتیمانییەکان کردەوە، بۆ خزمەتکردن و ناساندنی زیاتری دۆزی کوردستان بە جیهاندا، هاوکات جەختی لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیان کردەوە لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و کەسایەتییە ئەکادیمی و نووسەر و ئەدیب و سیاسییەکانی وڵاتان، بۆ بەردەوامیدان بە چالاکییە کولتووری و ئابوورییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ڕەوەندی وڵاتانیتر، پاشان پاڵپشتی و پشتیوانی پەرلەمانی کوردستانی بۆ کۆنفیدراسیۆنەکە خستەڕوو، بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانییدا.

لای خۆیانەوە شاندی باڵای کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستان خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە پێشاندا، و پوختەیەکییان لەسەر کاروچالاکییەکانییان لە ماوەی ڕابردوو بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو، هاوکات ڕایانگەیاند کە ئامانجییان خزمەتکردنە بە دۆزی ڕەوای کوردستان و برەودانی پەیوەندییەکانییانە لەگەڵ سەرجەم وڵاتان.