Skip to the content
Menu

ڕەشنووسی ڕاپۆرتی یەکەمی پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان تاوتوێی دەکرێت

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەرھەمواری پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١ لە ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠۲۲/٦/٦، بە سەرپەرشتی د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بە ئامادەبوونی د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، و لەنجە دزەیی سەرۆکی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت و جێگر و ئەندامانی لێژنەکە، کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. ڤاڵا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئەنجومەنی باڵای خانمان، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەت وخێزان، و نوێنەرانی ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەسەر راپۆرتی کۆتایی ھەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و د، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست خۆشیان لە لێژنە و وەزارەتی ناخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆژەیە و هەوڵدانی زیاتر بۆ دەوڵەمەند کردنی راپۆرتی پێشنیازە یاساکە، پاشان لەنجە دزەیی سەرۆکی لێژنەی تایبەتمەند پوختەیەکی سەبارەت بە کار و هەنگاوەکانی ئامادەکردنی رەشنووسی راپۆرتی یەکەمی پێشنیازە یاساکە کرد، کە لێژنە بریای داوە لە یاسای نوێوە بکرێتە هەمواری یاسای ژمارە (٨) ی ساڵی ٢٠١١ یاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان )ی بەرکار.

دواتر ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵشتی و هەهەمانگی حکومەت و وەزارەتی لەم پرسە دوپاتکردەوە کە زیاتر لە ٧ مانگە لە گەڵ لێژنەی تایبەتمەند بە هەماهەنگی و کاری دەستەجەمعی کاری لەسەر دەکەن، بە هەمان شێوە ئەنجوومەنی دادوەری و نوێنەرانی سەرۆکایەتیی هەرێم و گشت لایەنەکانی پەیوەندیدار لەم پرسە گفتوگۆیەکی تێر و تەسەلیان لەسەر کرد. هاوکات ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە وەكو وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پاڵپشتی ھەر ھەوڵێك دەکەن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی و بەرقەرارکردنی ژیانێکی ئارام لە کۆمەڵگەدا.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا کە هەموو ئەو پێشنیارە نوێیانەی باسیان لێوەکرا لە چەند ڕۆژی داھاتوودا لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافترەت کۆبوونەوەی لەسەر ئەنجام بدات و کۆتا راپۆرتیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لێژنەی یاسایی بەرزبکەنەوە.

دواتر د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی گشت ئامادەبووانی کرد کە بەشداری بابەتیانە و کارایان کرد لە پێناو گەیشتن بە هەموارێک باشتر بێ لە یاسای بەرکاری ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠١١، هاوکات چارەسەری زۆر لە کێشە و بەربەستەکانی ئەو یاسایە بکات لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەت کردن بەو پرسە.