Skip to the content
Menu

لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا پێشوازی لە وەزیری پەروەردە و شاندی یاوەری کرد

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای پەروەردە و فێرکاری، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٦/٢٦، لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە سەرپەرشتی عبدالسلام دۆلەمەڕی سەرۆکی لێژنە و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و بڕیارده‌ر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، پێشوازییان لە د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

لەکۆبوونەوەیەکدا کە نزیکەی یانزە کاتژمێری خایاند، گفتوگۆ لەسەر یەکە بە یەکەی ماددە و بڕگەکانی نێو پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری کرا، لێژنەی پەروەردە سەرجەم ئەو تێبینی و پێشنیار و پرسیارانەیان ئاراستەی وەزیری پەروەردە کرد کە لە کۆبوونەوەکانی خۆیان لەسەر ئەم پڕۆژەیاسایە لایان گەڵالە ببوو.

لەلایەن خۆیانەوە وەزیری پەروەردە و شاندی یاوەری وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانیان دایەوە و روونکردنەوەی پێویستیان لەبارەیانەوە خستەڕوو.

لە کۆتاییدا لێژنەی پەروەردە بڕیاری دا، دوای تاوتوێ کردنی وەڵامەکانی وەزیری پەروەردە و تێبینییەکانیان، ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاساکە ئامادەبکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی بکەن و بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان.