Skip to the content
Menu

شاندێکی لیژنەی ئەوقاف وکاروباری ئاینی رەوشی ئاینی لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەسەرکردەوە

بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەرێوەچوونی كارەكانیان و گوێگرتن لەداواكاری و پێشنیار و سەرنجەكانیان، پێش نیوەرۆی رۆژی یەک شەمە ۲۰۲۲/٦/٥ شاندێکی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان کە پێکھاتبوون لە مەلا ئیحسان محەمەد سلیم جێگری سەرۆكی لیژنە، وەیسی سەعید وەیسی بریاردەری لیژنە، و فیسەڵ عباس عولا ئەندامی لیژنەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ژمارەیەك کۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.

سەرەتا سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی کوردستانیان لە زاخۆ کرد دەستخۆشیان لەستافی نووسینگەکەیان کرد لەبەرامبەر کار و چالاکییەکانیان، دواتر سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیان كرد و بەبۆنەی دەست بەكاربوونی وەك سەرپەرشتیاری ئیدارە پیرۆزباییان لە گوھدار شێخۆ كرد و ھیوای سەركەوتنیان لە ئەركە نوێیەكەیدا بۆ خواست و پاڵپشتی و پشتیوانی لیژنەی ئەوقافیان بۆ دەربری لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی خەڵکی خۆشەویستی زاخۆ بەھەموو پێکھاتەکان ئینجا شاندەکە بەجیا سەردانی لقی زاخۆی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان وبەرێوەبەرایەتیی ئەوقافیان كرد و لە دانیشتنەکاندا باسیان لە رەوشی ئاینی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیان كرد و گفتوگۆ لەسەر چەندین خاڵ كرا، بۆ زیاتر بایەخدان بەرەوشی پێكەوەژیانی ئاینی لە سنورەکە لە بەشێکیتری سەردانەکەیاندا شاندەكە بەیاوەری چیا حمید شریف و رۆژان ئیبراهیم على ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لەسنوری نووسینگەی پەرلەمان لە زاخۆ سەردانی ھەریەک لە مەتڕانی زاخۆ و کنیسەی (مریم العذراء) ی سریانی و سەنتەری ھیزلی رۆشنبیری وکۆمەڵایەتی کرد و باسیان لە رەوشی پێکەوەژیانی ئاینی کرد لە ھەرێمی کوردستان، کەبووەتە کولتوورێکی لە مێژینەی خەڵکی کوردستان، و فاکتەری بەردەوامبوونی ژیانە لەنێوان سەرجەم پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەروەها ئاماژە بە رۆڵی پەرلەمانی کوردستان کرا لە بەرجەستەکردنی بیرۆکەی پێکەوەژیان لەو یاسا و بڕیارانەی کە پەسەندی کردوون و پەیوەستبوون بەفەراهەمکردن و پارێزگاریکردن لەمافی پێکهاتەکان لەهەرێمی کوردستان. ھیوایانخواست ھەمیشە كوردستان ھەر بەلانەی پێكەوەژیان بۆ ھەموو پێكھاتەكان بمێنێتەوە.

ھەر لەدانیشتنەکەدا شاندی لێژنەی ئەوقاف رۆڵی پیاوانی ئاینی سەرجەم ئاینەكانیان بەرز نرخاند لەقوڵكردنەوەی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتەوایی.