Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى ئامادەکاری بۆ دوانزە ڕاپۆرت دەکات

بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ئامادەکردنی دوانزە ڕاپۆرت، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشەممه‌ ٢٠٢٢/٦/٢١، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار سه‌رۆكى لێژنه‌ و بە ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه، کۆبووەوه‌.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بەو کێشە و پرسانەی کە لە دانیشتنی پێشووی پەرلەمان، بە یاداشت ئاڕاستەی لێژنەکە کرابوون، دوا بە دوای بەدواداچوونێکی ورد و پوخت لەلایەن ئەو لێژنە لاوەکییانەی کە پێکهێنرابوون، ئامادەکاری بۆ دوانزە ڕاپۆرت کرا بۆ ئەوەی سەرجەمیان بکرێنە ڕاپۆرتێکی گشتگیر و لە کۆبوونەوەی داهاتووی لێژنەکەدا گفتوگۆی زیاتریان لەسەر بکرێت ،ڕاپۆرتەکانیش بریتیبوون لە: (ئەو قەرزانەی حکومەت کە لەلای مووچەخۆرانە بەشێوەی "مقاصە" واتە لە مووچە پاشەکەوتکراو و لێبڕاوەکان هەڵیگرێتەوە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەناردنی بوودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان، پرسی دواکەوتنی مووچە و گەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان، داهاتی خاڵە سنوورییەکان، دۆخی دارایی لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان، خراپیی میکانیزمی دابەشکردنی مووچەو دواکەوتنی، خراپیی کۆکردنەوەی باج و ڕسومات، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، فەرمانبەرانی گرێبەست ، سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان، و دەرچووانی دانەمەزراو، زیادکردنی باج و گرانبوونی نرخی بازاڕ، چارەنووسی شایستە داراییەکانی ژنانی بێ هاوسەر و بەخێوکەرانی پەککەوتووان، و کێشەی بێکاری و دامەزراندن).

تەوەرەیەکیتری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازی کە لەلایەن دەستەی چاودێری دارایی ئاڕاستەی لێژنەکەیان کرابوو، و بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی داهاتووی لێژنەکەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.