Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی دارایی ڕاپۆرتی کۆتایی لەبارەی میکانیزمی دابه‌شكردنی مووچەی خانەنشینان تاوتوێ دەکات

بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی لەبارەی دۆزینەوەی میکانیزمێکى گونجاو بۆ دابه‌شكردنی مووچەی خانەنشینان، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممه‌ ٢٠٢٢/٦/١٣، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار سه‌رۆكى لێژنه‌، و بە ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه، کۆبووەوه‌.

لە کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی کۆتایی لێژنە لاوەکییەکەی کە پێکهێنرابوو بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی خراپی میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، و گۆڕانکاریەکانی نێو ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئەندامانی لێژنەکەوە بە تێروتەسەلی تاوتوێ کران و خرانەڕوو، تاوەکو ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و کاروباری ئابووری لە دانیشتنی پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

شایانی باسە، سەرۆکی لێژنە سوپاسی ئەندامانی لێژنە لاوەکییەکەی کرد کە ماندوونەناسانە لە هەوڵدابوون بۆ دەستکەوتنی زانیاری ورد و دروست بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەبارەی دۆزینەوەی میکانیزمێکى گونجاو بۆ دابه‌شكردنی مووچەی خانەنشینان.

لە تەوەرەیکیتری کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە ئامادەکردنی راپۆرت لە سەر دوانزە یاداشتی پەرلەمانتاران، و بڕیاردرا بۆ هەر یەکەیان لێژنەی لاوەکی پێکبهێندرێن، سەبارەت بە بارودۆخ و کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە دانیشتنەکانی داهاتوی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەنجامی ڕاپۆرتەکان بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی گفتوگۆبکرێن.