Skip to the content
Menu

لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی خانەقین ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات

بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی سەردانیکردنی لێژنە بۆ سنووری قەزای خانەقین ، و ئاراستەکردنی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠٢٢/٦/٢٨ لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەسەرپەرشتی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لێژنە و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و بریاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەسەر دەرئەنجامی سەردانی لێژنەکە بۆ سنووری قەزای خانەقین، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنە بریاریدا بە ڕەوچاوکردن و جێکردنەوەی ڕاو سەرنجی ئەندامان، ڕاپۆرتی خۆی لە بارەی بەدواداچوونەکانی بۆ سنووری قەزای خانەقین ئامادە بکات تاکو ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆ کاری پێویست.

تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ کردن بوو لە سەر ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ھاوبەشی پێنج لێژنەکەی پەرلەمان لەبارەی ھێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کۆمپانیای کۆرمۆر لە سنووری چەمەچەماڵ، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لێژنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ھاوبەش، بۆ ئەم مەبەستەش ئەندامانی لێژنە پێشنیار و سەرنجی خۆیان خستنەڕوو بۆ ئەوەی لەناو ڕاپۆرتەکەدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە، و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.