لێژنەی کاروباری پێشمەرگە چەند پرسێکى گرنگ تاووتوێ دەکات
![](/media/12039/kurdistan_parliament_lpeshmarga.jpg?anchor=center&mode=crop&width=800&height=600&rnd=132990693940000000)
بەمەبەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٦/٧، لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤینگ ھرۆری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی ئەو نووسراو یاداشتانەی ئاراستەی لێژنەكه کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان، وەڵامی پێویستیان درایەوە.
لە تەوەرێکی دیكهی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، کە لەبارەی پێکھێنانی ھێزێکی ھاوبەش بۆ ڕێگریکردن لەسەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان ئاراستەی پەرلەمان و لێژنەکە کرابوو، ئەندامانی لێژنە ڕاو سەرنجی خۆیان لهبارەی ڕاسپاردەکە خستنەڕوو، بۆئەوەی ڕاپۆرتی کۆتایی لێژنەكهى لهسهر ئامادە بکرێت و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت تا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنهكانی پەرلەمان.