Skip to the content
Menu

لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی تاووتویی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ دەکات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ و چەند پرسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست بەكاری لێژنەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٦/٨، لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی د.هەورامان گەچێنەیی، سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامانى و ڕاوێژكارانی لێژنەكه‌، كۆبووەوه‌.
سەرەتای كۆبوونەوەكە خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاراستەی لێژنەكه‌ كرابوون، دوای گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی بیروڕای ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان به‌ وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه‌، ئەوانه‌ی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران به‌مه‌به‌ستی ئاراستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
پاشان بەئامادەبوونی نیاز ڕاغب عه‌بدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی حەج وعومرە و عیسامه‌دین یونس، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، تاووتویی پرۆسەی حەجی ئەمسال (٢٠٢٢) كرا، دوای ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە پرۆسەی حەج لەھەموو جیھانەوە ڕاگیرابوو و ھیچ ھاوولاتییه‌ک لە ھەرێمی کوردستان بەشداریی مەڕاسیمی فەریزەی حەجی نەکردبوو، بۆ ئەمەش بەڕێوەبەری گشتیی حەج وعومرە، باسی لە پلان و کارنامەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کرد بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کەوا ھەن، هه‌روه‌ها جەختی لەسه‌ر پاراستنی مافی حاجییانی ھەرێمی کوردستان کرده‌وه‌ لەچوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی حەج و عومڕەی سعودیەدا.
ڕاشیگەیاند: "ئەمساڵ بەپێی مەرج و ڕێنمایی وڵاتی سعودیە پرۆسەی حەج بەشێوەیەکی تایبەت بەڕێژەیەکی کەمتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە دەچێت، کە دابەشکاری کراوە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانى کوردستاندا".
ڕوونیشی کردوە کە ولاتی سعودییە مەرجى تەمەنى داناوە بۆ بەشدارى لە فەیرزەى حەجدا.
هه‌روه‌ها باسی لەخۆپارێزییەکان لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کرد، چونکە ولاتی سعودیە بەمەرجی سەرەكیی بۆ بەجێهێنانی حەجى ئەمساڵ داناوە.
لە کۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرە تیشکی خستە سەر حەجى بازرگانى کە تائێستا بوونى نییە و داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە بەو ناوەوە پارەى خۆیان بەهەدەر نەدەن.
سەبارەت ئەرکی کۆمپانیاکانی حەجیش، ڕوونی کردەوە لە هەرێمى کوردستان چەندین کۆمپانیاى تایبەت بەبردن و هێنانەوەى حاجیان هەیە، بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە بۆئەوەى خزمەتى تەواوى حاجییانى کوردستان بکەن. هەر کۆمپانیایەک کەموکوڕیی هەبێت، سزا دەدرێت.
پاشان لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین تێبینی و پێشنیاز و پرسیار خرانەڕوو بەمەبەستی سەرکەوتنی پرۆسەی حەج.
شایەنی باسە لیژنەی ئەوقاف برٍِیاری داوە لە ڕێگه‌ی لێژنەیه‌کی تایبەتەوە ڕاستەوخۆ چاودێریی پرۆسەی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بکات.