Skip to the content
Menu

لێژنەی ناوچە کوردستانییەکان بەدواداچوون بۆ بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ده‌كات

به‌مەبه‌ستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی دادگای کەرکووک سەبارەت بەدەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک و چەند ئەندامێکی دیكه‌ی ئەنجوومەنه‌كه‌ که‌ کوردن، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٦/١٣، لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەسەرپەرشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە بڕیاردەر و ئەندامانی و ڕاوێژکارانی لێژنەکە‌ کۆبووەوە.
دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لێژنەكه‌ لەگەڵ ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووى ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پەروین محەمەدەمین، ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە، ئەمڕۆ له‌لایه‌ن لێژنەكه‌وه‌ بەتێروتەسەلی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە گفتوگۆى له‌سه‌ر کرا و ئەندامانی لێژنه‌كه‌ش ڕاو سەرنجی خۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ خستنەڕوو و لێژنه‌ بریارى دا ڕِاپۆرتێکی تایبەت سەبارەت بەو پرسە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات بۆئەوەی کاری پێویستى لەسەر بکرێت.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە، بەتایبەتی لەئێستادا کە کەوتوونە بەر شاڵاوێکی تووندی ته‌عریبكردن، بۆیە لەلایەن لێژنەكه‌وە بڕیار درا لە نزیکترین کاتدا سەردانی قەزای و خانەقین و چەند ناوچەیه‌كی ترى سنووره‌كه‌ بکات.