Skip to the content
Menu

د. رێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەجیا سەرپەرشتیی چوار کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان لێژنەکانی پەرلەمانی کرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممە ٢٠٢٢/٦/٢٠،  د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بە جیا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکانی چوار لێژنەی پەرلەمانی کرد.

لە کۆبوونەوەی یەکەمدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی د.بژار کۆچەر سەرۆکی لێژنەی کاروباری یاسایی و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە، سەبارەت بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دەنگدان لەسەر  پێشنیازەیاسای هەمواری جێبەجێکردنی یاسای چاودێریی نەوجەوانانی ژمارە ٧٦ ی ساڵی ١٩٨٣، تایبەت بە لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ.

لە کۆبوونەوەی دووەمدا د. رێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی کرد، بە ئامادەبوونی شاخەوان رەئوف بەگ سەرۆکی لێژنە و جێگر و بریاردەر و ئەندامان و راوێژکارانی لێژنەکە، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای (بەرکارکردن و هەمواری یاسای گرتنی مایەی قاچاخ و قەدەغەکراو بۆ ئاڵوگۆڕکردن لە بازاڕە نێوخۆییەکان، ژمارە ١٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ ی هەموارکراو)، بەمەبەستی تاوتوێکردن و داڕشتنەوەی ئەو پێشنیارانەی کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشکەشکراون سەبارەت بە پێشنیارە یاساکە.

لە کۆبوونەوەی سێیەمدا د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بە ئامادەبوونی عبدالسلام دۆڵەمەری سەرۆکی لێژنەکە و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژکارانی لێژنەکە، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای (دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان)، و گفتوگۆ کرا لەسەر سەرجەم ماددە و بڕگەکانی نێو پڕۆژەیاساکە، بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتی هاوبەش.

لە کۆتا کۆبوونەوەشدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پرۆژەیاسای(وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان- عێراق) لەگەڵ لێژنەی یاسایی و لوقمان وەردی سەرۆکی لێژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار و جێگر و بڕیاردەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی لێژنەکە کۆبووەوە، سەرجەم بڕگە و ماددەکانی پڕۆژەیاساکە تاوتوێکران، بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی پڕۆژەیاساکە و خستنەرووی لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان.