Skip to the content
Menu

شاندێكی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سەردانی قەزای ئامێدی-ی کرد

لەدرێژەی سەردانە مەیدانییەكانیدا بۆ دامەرزاوە ئاینییەكانی سنووری پارێزگای دھۆک بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئاینیی سنوورەكە، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٦/٦، شاندێكی لێژنەى ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان، كە پێكھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سه‌رۆكی لێژنە، وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لێژنە، فەیسەڵ عه‌باس، ئەندامی لێژنەكه، لە قەزای ئامێدی، سەردانی ھەریەك لە قایمقامی قەزاکە و لقی یەكێتیی زانایانی ئاینییی ئیسلامیی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی کرد.
لە دیداره‌كانیاندا، باس لە بارودۆخی ئەمڕۆی هه‌رێمی كوردستان و ڕۆڵ و كاریگەریی مامۆستایانی ئاینی لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگه‌ لە ھەموو بابەتە گرنگ و ھەستیارەكاندا كرا و جەخت لەسەر پاراستنی پیرۆزیی مزگەوتەكان كرایەوە كە نابێت ڕێگە بدرێت مینبەری مزگەوتەكان بۆ دژایەتیی ئاسایشی نەتەوەیی و تەشھیر و ناوزڕاندن و ململانێى سیاسی بەكاربھێندرێت، چونکە مزگەوت شوێنی خواپەرستی و دیندارییە، ھەروەك جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كرایەوە، بەتایبەت لە بواری وتاری ھەینی کە كاریگەریی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ئاراستەكردنی كۆمەڵگه‌.
شاندی لێژنەی ئەوقاف، دەستخۆشی و پێزانیان ئاراستەی مامۆستایانی ئاینی کرد لەھەمبەر كار و چالاكییەكانیاندا و جەختیشیان لەسەر ھەماھەنگی و ھاوكاریی زیاتری دەزگا ئاینییەكانی سنوورەكە كرده‌وە بۆ زیاتر خزمەتکردنی مامۆستایانی ئاینی.
لەبەشێکی دیكه‌ی سەردانەکەیاندا، شاندەكە سەردانی که‌نیسەی مه‌ریه‌م عه‌زرا-یان لە کۆمەڵگه‌ی "کوانێ" کرد و لەگەڵ قەشە و پیاوانی ئاینی ئاشووری، باس لە ڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینیی نێوان پێکھاتەکانی سنوورەکە كرا و ستایشی ڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینیی قەزاكە كرا، جەختیش كرایەوە لەسەر بایەخدانی زیاتر بە پەیامی پیرۆزی ئاینەكان لە بورای لێبووردەیی و خۆشەویستی و پێكەوەژیان، چونکە په‌یامی ھەموو ئاینەکان پەیامی مرۆڤایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن بووە.
لای خۆیانه‌وە قەشەی که‌نیسەكه‌ و پیاوانی ئاینی ئاشووریی كۆمه‌ڵگه‌كه‌، سوپاسی سەردانەکەی لێژنەی ئەوقاف-یان کرد بۆ کۆمەڵگه‌کەیان.
هه‌ر له‌میانەی دیداره‌کانیاندا، چەندین داواكاری و پێشنیاز بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئاینی لە قەزاكە خرانەڕوو.