Skip to the content
Menu

شاندێكی لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی چاكسازییه‌كانی سلێمانی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ و سەردانی کەسوکاری تارقی بەقاڵ ده‌كات

ڕۆژی سێشەمە ٢٠٢٢/٦/١٤، شاندێکی لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ، بەسەرۆکایەتیی ڕۆمیۆ ھەکاری، سەرۆکی لێژنە و گوڵستان سەعید جێگری سەرۆک، بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لێژنە و ئه‌ندامیه‌تیی ژمارەیەک لە ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، سەردانی پارێزگای سلێمانیی کرد.
سەردانه‌کە لە درێژەی کارو چالاکییەکانی لێژنەکەیە بۆ بەدواداچوونی ڕه‌وشی چاکسازییەکانی ھەرێم و له‌ سەردانه‌كیدا بۆ شاری سلێمانی، شاندى لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌ردانی چاکسازیی ژنان مندڵان و چاکسازیی گەورانی کرد و لەلایەن بەڕێوەبەر و لێپرسراوانی ھێزی جێبەجێکردن و به‌رپرسانی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانه‌وه‌ پێشوازیی لێکرا.
لە دوو کۆبوونەوەی جیادا، بەڕێوەبەرانی ھەردوو چاکسازییەکە باسیان لە ڕەوشی چاکسازییەکانیان كرد و ئه‌و کێشە و گرفتانه‌شیان خسته‌ڕوو كه‌ هه‌یانه‌، له‌وانه‌ کێشەی تەندروستی و خزمەتگوزاری و کەمیی ستاف و پێشینەی مانگانە و کەمیی ھێزی جێبەجێکار.
شاندی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان له‌نزیكه‌وه‌ له‌ ڕەوشی سزادراوان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵیان كۆڵییه‌وه‌ و گوێیان له‌ كێشه‌ و داواكارییه‌كانیان گرت و سه‌رجه‌م بەشەکانی ناو چاکسازییەکانیشیان به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و لەنزیکەوە چاویان بە ستافی چاودێرانی ناو چاکسازییەکە کەوت و گوێبیستی سزادراوان و ڕاگیراوان بوون کە چه‌ندین داواکارییان هه‌بوو پەیوەندیی بەلایەنی ژیانیان و سزاکانیانەوە ھەبوو.
شاندی لێژنەکەى په‌رله‌مان پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان بۆ بەڕێوەبەر و کارمەندانی چاکسازییەکان دووپات کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا پێویستە کاری زیاتر بکەن لەپێناو خزمەتکردنی مندڵان و جێبەجێکردنی مافەکانیان و لە ھەمان کاتدا بەرەوپێشبردنی سیستەمی دادپەروەریی نەوجەوانان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئێوارەی ھەمان ڕۆژ شاندەکە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ھەندێک کەیسی تایبەت، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش کۆبووەوە و باس لەو کێشە و گرفتانە کرا کە لە زیندانەکاندا ھەیە، ھەرەوەھا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە کرا کە پەیوەندیداربوون بەلایەنی یاسایی بۆ سزادراوان و ڕاگیراوان بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ئاشایش بەڵێنی به‌ لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان دا بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی سەرجەم کەیسەکان بكات.
پاشان لێژنەکە لەنزیکەوە گوێی لە کێشە و گرفتەکان و داواکارییەکانی زیندانیانی ئاسایش گرت و توانرا بەدواداچوون بۆ ھەندێک لە داواکاریی سزادراوانی ناو چاکسازییەکان بگەیەننە بەڕێوەبەری ئاسایش.
لە درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شارى سلێمانی، شاندی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان، سەردانی کەسوکاری تارقی بەقاڵی کرد، بەمەبەستی دڵدانەوەیان بەرامبەر ئەو ھەڵسوکەوتەی کە چەند پۆلیسێک لە دادگای سلێمانی بەرامبەر بە خوشکەکانی ناوبراو ئه‌نجامیاندا.