Skip to the content
Menu

لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت پرسی به‌رزبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى كوشتنی ژنان تاووتوێ ده‌كات و له‌گه‌ڵ شاندێكی کونسوڵخانەی بەریتانیا-ش کۆده‌بێته‌وه‌

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٣/٧، لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت، بەسەرپەرشتیی لەنجە دزەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆى ئەنجام دا.
له‌ کۆبوونەوەکەدا، پرسی هەڵکشانی ڕێژەی کوشتنی ئافرەت تاووتوێ كرا، كه‌ لە سەره‌تای ئەمساڵه‌وه‌ لەماوەی دوو مانگدا ١٠ ژن کوژراون، ئەمەش جێگەی هەڵوەستەى لێژنه‌كه‌ بوو و به‌ زەنگێکی مەترسیداریان زانی، كه‌ سەرەڕای بوونی چەندین یاسای پێوست بەم پرسە، كه‌چی بەداخەوە زۆرجار بەربەست لەبه‌رده‌م جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەدا دروست دەبێ، بۆ ئەم مەبەستەش بە کۆی دەنگی ئەندامانى لێژنه‌ بڕیار درا کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و ئەنجوومەنی دادوەری و هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێت بۆ ده‌ستنیشانكردنی کێشە و بەربەستەکان و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان بە کارێکی دەستەجەمعی به‌مه‌به‌ستی ڕێگریکردن لەو تاوانانە.
لە بەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، لێژنەكه‌، پێشوازیی لە شاندێكی کونسوڵخانەی بەریتانیا کرد کە بۆ تاووتوێکردنی پرسەکانی تایبەت بە لێژنەكه‌ هاتبوون و ئامادەیی خۆیان بۆ هەماهەنگی و پاڵشتیی لێژنەكه‌ بە ئەزموونی وڵاتەکەیان لە بواری پرسی مافی ئافرەت دەربڕی.
لەلایەن لێژنەكه‌وه‌، سەردانەکەیان بەرز نرخێندرا و هەماهەنگى و هاوهەڵوێستییان جێگه‌ی دەستخۆشیی لێژنەكه‌ بوو، پاشان کار و پلان و بەرنامەی لێژنەكه‌ بۆ شاندی میوان خرایە ڕوو و باس له‌ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت کرا کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و هەروەها وێرکشۆپیشیان بۆ ساز کردووە به‌مه‌به‌ستی زیاتر دەوڵەمەندکردنى ڕاپۆرتى لێژنه‌كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، پاش گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەلایەن هەردوولاوه‌، شاندی کونسوڵخانەی بەریتانیا وێڕِای دەستخۆشییان بۆ لێژنەكه‌ کە ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە، ئاماده‌یی ته‌واوی خۆیان بۆ هه‌موو جۆره‌ هەماهەنگی و پاڵپشتییه‌ بۆ لێژنەکە دەربڕی، هه‌روه‌ها چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراستەی لێژنەكه‌ کرد و لێژنەكه‌ش وەڵامی دانەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاریشە و کێشەکانی شەڵتەره‌كان، گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا و هه‌ردوولا جه‌ختییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویستە هەمووان بە هەماهەنگی هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە به‌مه‌به‌ستی چارەسەری کێشەکانیان.