Skip to the content
Menu

لێژنەی شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی کۆبووەوە

بەمەبەستی تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بەکاری لێژنەکەیان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ۲۰۲۲/۳/۱٥ لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، بە سەرپەرشتی سوسن محمد میرخان سەرۆکی لێژنە، و بەئامادەبوونی جێگری سەرۆک و بڕیاردەر و ئەندام و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان لەلایەن بڕیاردەری لێژنەکە، سەرجەم ئەو نووسراوانە خوێندرانەوە کە ئاراستەی لێژنەکەیان کرابوو، سەرجەمیان تاوتوێکران و وەڵامی پێویستیان درایەوە.

تەوەرەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئامادەکاری بۆ ڕۆژی ۲۰۲۲/۳/۱٦ یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیارە بەڕێوەبچێت، پەیوەست بەهەمان بابەت بڕیاردرا نوسراوێک ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێ بۆ بانگهێشتکردنیان و دانیشتن لەگەڵیان سەبارەت بەو یاداشت و ڕاسپاردانەی ئاڕاستەی ئەو لایەنانە کراون و بێ وەڵام ماونەتەوە و هۆکاری جێ بە جێ نەکردنیان بخرێتەڕوو، بۆ بەدواداچوونی زیاتری ئاریشە و گیروگرفتەکانی کەس و کاری شەهیدان.

تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بە میکانیزمی گەڕانەوەی ڕووفاتی ئەنفال کراوان، بۆ ئەم مەبەستەش پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان بڕیاردرا بۆ زانینی ئەنجامی سەردانەکانیان نوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی شەهیدان بکرێ.