Skip to the content
Menu

لێژنەی ئەوقاف و کاروبای ئاینی چەند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ده‌كات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست بە كاری لێژنەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٣/٣٠، لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی د. ھەورامان گەچێنەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانى لێژنه‌كه‌ كۆبووەوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاراستەی لێژنەكه‌ كرابوون، دوای گفتوگۆ ئەوانەی پێویستییان به‌ وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه‌، ئەوانه‌ی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان.
پاشان بەبۆنەی نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، لێژنه‌كه‌ پیرۆزبایی هاتنى مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزیان لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان کرد و داواکاربوون ئەم مانگەیە ببێتە مایەی خێروخۆشی و كۆتاییهێنانی ھەموو ناخۆشی و پەتاو بەڵا و نەھامەتییه‌ك لەھەرێمی کوردستان، هه‌روه‌ها داواکرا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێنمایی و ڕێکاری پێویست دەر بکەن سەبارەت بەڕێزگرتن لە مانگی ڕەمەزان و چاودێریکردنی بازاڕ بەمەبەستی ڕێگریکردن لەقۆرخکارى.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی مۆڵک و ماڵی دەوڵەت لە ھەرێمی کوردستان کرا، بۆ ئەمەش بە پێویست زانرا داوای ڕێنمایی و پەیڕەوی تایبەت لە وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و شارەوانی و گەشتوگوزار بکرێت سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یاساکە.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا باس لە ڕێزگرتن لە کەسایەتییە ئاینییەکان کرا، ھەر بێڕێزی و سوكایەتییەک بەهه‌ر ئاین و كەسایەتی و بۆنە و ھێمایەکی ئاینی و نەتەوەیی بە كارێكی مەترسیدار وەسفکرا کە کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر ڕەوشی پێكەوەژیان لە ھەرێمی كوردستاندا، بۆیە بەگرنگیان زانی لە کاتی ھەبوونی ھەر سوکایەتییه‌ک داواکاری گشتی بە ئەرکی خۆی ھەلبستێت و ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر.