Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ چەند پرسێکی گرنگى تاووتوێ كرد

بەمەبەستی بەدواداچوون و تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٣/٣٠، لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی ئەو نووسراو و یاداشتانەی ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان، وەڵامی پێویستییان درایەوە.
دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر نووسینی ڕاپۆرتی لێژنەكه‌ لەسەر پێشنیازەیاسای "ھەمواری چاودێریی ناکامەکان ژمارە/ ٧٨ی ساڵی ١٩٨٩ی ھەموارکراو لە ھەرێمی کوردستان-عێراق"، کە لە دانیشتنی ژمارە ١٦ی ئاسایی لە ٢٠٢١/٦/٢٨، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنە بڕیارى دا بەم زووانە بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار و بە هەماهەنگی لەگەڵیان کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە نووسینەوەی ڕاپۆرتمكه‌ ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە بەرکارکردنی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ١٩٩٨ی یاسای هەمواری پێنجەمی یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە ٧٦ى ساڵی ١٩٨٣، لەسەر داوای ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، لێژنە بڕیاری دا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم پرسە بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لێژنە بڕیاری دا پێشنیازەیاسایەک بۆ یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٢١، سەبارەت بە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای ماف و ئیمتیازی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەرێمی کوردستان-عێراق، ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١ ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بەمەبەستی هەموارکردن و زیادکردنی بڕگەیەک لە ماددەی ٨ی یاساکە، کە لەلایەن کۆمەڵەی ئۆتیزمى کوردستان داوا کراوە بەمەبەستی دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە مۆڵەتی باوکایەتی.