Skip to the content
Menu

په‌یامى لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت بۆ ۸ى مارس

ڕِۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان پیرۆز دەکەین لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان.
ڕِۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی تێکۆشانی ژنانە دژ بەهەر ستەم و نادادییەک کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، لەهەر ئاستێکدا بێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەواڵەکانی توندوتیژی و دەرئەنجامەکانی بە کوشتن و پێشێلکاریی نامرۆڤانە دەبینەوە، بە تایبەتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندەها تاوانی کوشتن و سووتاندن و توندوتیژی بووینەتەوە کە هەریەکەیان چیرۆکێکی تراژیدیی هەیە، بۆیە ئێمە لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، سەرکۆنەی هەموو ئەو پێشێلکاری و کووشتن و سووتاندن و توندوتیژییانە دەکەین کە دەرهەق بە ژنان دەکرێت.
وەک ئەرکێکی پەرلەمانی بەردەوام کار دەکەین کە هەمواری ئەو یاسایانە بکەینەوە کە هەناسەی جیاکاریی جۆریی کۆمەڵایەتییان تێدایە بەرامبەر ئافرەتان، کار دەکەین بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی یاسایی کە زەمینەی ڕەخساندبێت بۆ پێشێلکاریی مافەکانی ئافرەتان، لەهەمان کاتدا بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی وردی دۆسیەکانی لێکۆڵینەوە و دادگا بۆ سەروەربوونی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بەپێی حوکمی یاسا و بە گەڕاندنەوەی ماف و شکۆ بۆ تاوانلێکراوان. بۆیە داوا لە هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری دەکەین کە ئەنجامدەران و بکوژانی ژنان بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن، تاکو ژنانی کوردستان لە سایەی سەقامگیری و جێبەجێکردنی یاسا هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن و مافەکانیان دەستەبەر بێت.
ئەرکی هەموو کۆمەڵگه‌یە تێبکۆشێت لەپێناوی پاراستنی مافی مرۆڤ و بەدیهێنانی مافەکانی ئافرەت و چەسپاندنی یەکسانیی جێندەری و دروستکردنی کۆمەڵگه‌یەکی ژیاندۆستیی مرۆڤسالار کە تێیدا تاکەکانی دادپەروەرییان بۆ بچەسپێت بەبێ هیچ جیاوازی و بە ڕەچاوکردنی جۆری کۆمەڵایەتی.
شکۆداربێت یادی ٨ی مارس.
لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان
۸ی مارسی ۲٠۲۲