Skip to the content
Menu

پەیامی سكرتێرى په‌رله‌مان له‌ ساڵیادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار و ڕاپەڕینى شارى هەولێردا

ئەمڕۆ (٥٢) ساڵ بەسەر ڕێکكەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، تێپەڕ دەبێت، کە لەنێوان حکوومەتی ئەوسای عێراق و شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەڕێبەرایەتیی سەرکردەی کورد و نیشتیمانی مستەفا بارزانیی نەمر، ئەنجام درا، ئەم ڕێکكەوتنە دەستکەوتێکی گەورە و دیار و وەچەرخانێکی مێژوویی بوو کە بۆ یەکەمین جار حکوومەتی عێراقی ناچار کرد کە دان بە بەشێک بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بنێت.
ڕێکكەوتننامەی ١١ی ئازار دەریخست کە گەلی کوردستان هەموو کات دانوستاندن و ڕێکكەوتنی بە چارەسەر و ڕێگەچارەی گشت کێشەکان زانیوە، هەرچەندە بە داخەوە حکوومەتی ئەوسای عێراق لە ڕێکكەوتننامەکە پاشگەز بۆوە و جێبەجێى نەکرد، بەڵام ئەم ڕێكکەوتنە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانی بە جیهان ناساند و هێندەی تر سەرکردایەتیی کوردى موکوڕتر کرد کە لەسەر خەبات و تێکۆشان بەردەوام بێت لەپێناو مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.
لەم بۆنەیەدا بە بیر سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دێنینەوە کە بۆئەوەی مافەکانمان دەستەبەر بێت و قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، پێویستە یەکڕیز و هاوئاهەنگ بن و واز لە کێشەکانی ناوخۆ بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە تاکە ڕێگەی بەهێزیمان و سەرکەوتنمان یەکڕیزییە، هەر لەو ڕێگەشەوە دەتوانین سەرجەم مافەکانمان بەدەست بهێنین.
ڕێکكەوتننامەی ١١ی ئازار هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی (٣١) ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی شاری هەولێری پایتەخت دژی زوڵم و ستەم و کۆتاییان هێنا بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەعسی لەناوچوو، ئازادکردنی شاری هەولێر گرنگى و بایەخی تایبەتیی خۆی هەبوو و ئازادکردنی تەواوی کوردستانی کردە ئەمری واقیع و هەناسەی ئازادی و ئومێدی سەرکەوتنی بەخشییە هاووڵاتییانی کوردستان و هاندەرێکی بەهێز بوو بۆ ڕووخانی دامودەزگاکانی بەعسی دیکتاتۆر لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان لەماوەیه‌كی کەمدا.
شکۆدار بێت یادی ڕاپەڕینی مەزنی گەلەکەمان لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و برایەتی و بەهێزبوونی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکان.
منى نبى قه‌هوه‌چی
سكرتێرى په‌رله‌مانی كوردستان
١١ی ئازاری ٢٠٢٢