Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵیادی ڕاپه‌ڕیندا
د. ڕێواز فائق: "پیرۆزبێت لە خەڵكی ئازا و تێكۆشەری دەڤەری پشدەر و بتوێن، لانكەی شۆڕش و بەرخودان"

بەبۆنەی (٣١) سی و یەكەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی ئازاری ١٩٩١، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەکەین.
ھیواخوازین ئەم یادە مەزنە ببێتە مایەی یەكڕیزی و پتەوتربوونی نێوماڵی كورد، بە ئاراستەی یەكگوتاری و یەكخستنی ڕایەڵە نیشتمانییەكان، لە ھەمبەر تێكڕای پرسە نیشتمانییە چارەنووسسازەكاندا.
ئەم یادە پیرۆز و شكۆدارە، لە كاتێكدایە كە ھەموو جیھان لەبەردەم مەترسيی دەرئەنجامە ترسناكەكانی جەنگ و ململانێی نێوان زلھێزەكاندایە. لەسەر ئاستی ناوخۆ و پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێڕاقی فیدڕاڵیشدا، كێشمەكێشی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێڕاق و ڕكابەریی نێوان ھێزە سەرەكییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێڕاق، لە دۆخێكی نەخوازراو و چەقبەستوودایە، بۆیە لەم دۆخە ھەستیارەدا، لە بژاردەی یەكڕیزی بترازێت ھیچ بژاردەیەكی دیكەمان لەبەردەستدا نییە بۆ ڕِووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و مەترسییانەی كە بوونەتە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كوردستان. ئەم قۆناغە ڕاگوزەرە و ھەستیارە بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە و لە ئەستۆی ھەموواندایە، تێپەڕاندنیشی وابەستەی زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنی لۆژیكییانەیە. ھیواخوازین لە داھاتوودا ھەنگاوەكانی گفتوگۆی بنیادنەرانە بۆ سازان، لێكنزیكبوونەوە و زاڵبوونی دیدگای نیشتمانی بەسەر ھەموو ڕِوانگەكانى دیكەدا، دەربڕی خواست و ئاواتەكانی گەلی كوردستان بێت، كە ئەوێ ڕۆژێ لەپێناو بەدیھێنانی ئازادی و ئامانجە لەمێژینەكانی میللەتەكەماندا دەریایەك خوێنیان بەخشی بۆ ڕاماڵینی دیكتاتۆریەت و گەیشتن بە سەربەخۆیی.
ئومێدەوارین ئەم یادە مەزنە ببێتە دەستپێكی قۆناغێكی گەشاوەتر بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و ئازادی و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.
جارێكی دیكە بەرز و پیرۆزبێت یادی ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی ئازاری ١٩٩١، پیرۆزبێت لە خەڵكی ئازا و تێكۆشەری دەڤەری پشدەر و بتوێن، لانكەی شۆڕش و بەرخودان.
نەمری بۆ ڕۆحی پاك و بەرزەفڕی شەھیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاری.
د. ڕێواز فائق
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان