Skip to the content
Menu

وێرکشۆپێک بۆ میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەڕێوەچوو

به‌مه‌به‌ستی ئاشنابوون بە ناوەرۆکی رێکەوتننامەی نەتەوه یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاری گەندەڵی و میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/٣/٩، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP)، له‌هۆتێل ڕامادا لە ھەولێر، وێرکشۆپێکی بۆ لیژنەکانی كاروبارى یاسایی، دارایی، كاروبارى ئابوورى، دەستپاكى، و كاروباری پەڕلەمان و سکاڵا، لەژێر ناونیشانی (ڕێکەوتننامەی نەتەوه یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاری گەندەڵی و ڕاگەیەنراوی دۆحە بۆ پەرلەمانتاران)، وەک بەشێک لە پرۆژەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستپێشخەری دادوەری بازرگان کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا EU پشتیوانی دارایی دەکرێت ڕێکخست.

سەرەتای وێرکشۆپەکە، بەڵێن ئیسماعیل سەرۆکی لێژنەی دەستپاکی، وتاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی پێشەکەش کرد، تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان و (UNDP)، ئاماژەی بە ڕێژە و جۆری گەندەڵی لە عێراق و ھەرێم و ھۆکارەکانی ھەبوونی گەندەڵی دا، ھەروەھا ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوی گەندەڵیی خستە ڕوو، بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە ھەیە.

دواتر حوسێن حەسەن پسپۆری نێودەوڵەتی لە یاسادانان تێڕوانینێکی گشتگیری سەبارەت بە ڕێککەوتنامەکە و ناوەرۆک و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی خستە ڕوو، دواتر لەلایەن محەمەد ھاروون شارەزا لە یاسای بەرەنگاربوونەوی گەندەڵی لە (UNDP)، راگەیانراوی دەوحە بۆ پەرلەمانتاران خرایە ڕوو، تێیدا پەرلەمانتاران ئاشنا کران بە ناوەرۆکی ڕاگەیاندراوەکە و چۆنیەتی کارکردن لەڕووی یاساییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوی گەندەڵی.

پاشان ئەندامان و ڕاوێژکارانی پەرلەمان پرسیار و سەرنجەکانیان ئاراستەی وانەبێژان کرد و وێرکشۆپەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.