Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت پێشوازیی له‌ شاندێكی یۆنامی كرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٥/١٦، لێژنه‌ی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت، به‌سه‌رپه‌رشتیی لەنجە دزەیی، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی ژمارەیەک لە ئەندامان و ڕاوێژكارانی لێژنه‌کە، پێشوازیی لە شاندێکی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (یۆنامی) کرد.
سەرەتا سەرۆکی لێژنە، بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و ھاتنیانی بۆ پەرلەمانی کوردستان بە گرنگ دانا. دواتر پوختەیەکی دەربارەی کارەکانی لێژنە و ئەرکەکانی خستە ڕوو لە ڕووی ته‌شریعییەوە، ھەروەھا باسی لەو ھەوڵ و چالاکییانە کرد کە لێژنە ئەنجامی داون بۆ باشکردنی ڕەوشی ژیان ئافرەتان لە کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی ھۆکارەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و دەستەبەری مافەکانیان لە ڕێگه‌ی هەمواری یاسابەرکارەکان یاخود یاسای نوێ.
لە تەوەرێکی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس لە پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت و ئەو هەنگاوانەی کە گرتوویانەته‌بەر بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی یەکەمی پێشنیازه‌یاسایە.
ئەمە جگە لە باس و شرۆڤەکردنی بەدواداچوونەکان کە لە ئەستوێ لێژنەكه‌ دایە، وەک ئەرکێکی پەرلەمانی.
پاشان شاندی میوان ئاماژەیان بە چەندین بابەتی پەیوەست بە کێشەکانی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستان کرد و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراستەی لێژنەكه‌ کرد.
لە کۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ھەردوولا بڕیاری کارکردنی پێکەوەییاندا لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و نەھێشتنی گێچەڵی سێکسی و گرنگیدانی زیاتر بەو ئافرەتانەی بوونەتە قوربانی، لە ڕێگەی یاسا پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستاندا.