Skip to the content
Menu

لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت ڕاپۆرتی یەکەمی پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت و خێزان ئاماده‌ ده‌كات

له‌ درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیدا بەمەبەستی تاووتوێکردن و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی یەکەمی لێژنه‌‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت و خێزان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٥/١٧، لێژنەی داكۆکیکردن لە مافی ئافرەت، بەسەرپەرشتیی لەنجە ئیبراهیم دزه‌یى، سەرۆكی لێژنە و ئاماده‌بوونی جێگری سەرۆكی لێژنە و ئەندامانى و ڕاوێژكارانى لێژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی لێژنە سوپاسی سەرجەم ئەندامان و ڕاوێژکارانی کرد بۆ ماندووبوون و هەوڵ و کاری دەستەجەمعی بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی یەکەم لەسەر پێشنیازەیاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژ بە ئافرەت و خێزان.
پاشان بەکۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیار درا له‌ هەنگاوی داهاتوو، لێژنە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە جێبەجێکارە پەیوەستەکان بەو پرسەوە لە حکومەت و ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، بەمەبەستی گفتۆگۆ و وەرگرتنی ڕا و سەرنجەکانیان لەسەر ڕەشنووسی ڕاپۆرتی ئامادەکراو.