Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندن و گفتوگۆکردن لەسەر ڕاپۆرتی وەرزیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم و نوێنەرایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوە، پێشنیوەڕوی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٥/٢٣، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و ئەندامانى و ڕاوێژکارانى لێژنه‌كه‌ کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، خوێندنەوە بۆ ئەو ڕاپۆرت نووسراوانە کرا کە ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتۆگۆکردن وەڵامی پێویستیان درایه‌وه‌.
دواتر لەسەر بابەتی ڕاپۆرتی وەرزیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و نوێنەراتییەکانی دەرەوە، لەلایەن ئەندامانی لیژنەكه‌وه‌ گفتوگۆی پێویست کرا، له‌وانه‌ش زیاتر گرنگیدانی نۆێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێم لە دەرەوە بە پرسەکانی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە و پرسی ڕەوەندی کوردستانی و چەندین تێبینی و سەرنجی تر، جه‌ختیان له‌سه‌ر كرایه‌وه‌.
لە کوتایی کۆبوونەوەکەشدا، لێژنە جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ کە گرنگە ڕاپۆرتەکانی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێم لە دەرەوە لەکاتی خۆیدا بگات و چیتر دوا نەکەوێت تا لێژنەكه‌ ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکات، هه‌روه‌ها لێژنه‌ جەختى لەسەر نووسراوی پێشووی خۆی کردەوە کە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوه‌ سه‌باره‌ت به‌ تاووتوێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پەیوەست بە ڕێکخستنەوەی ئەرک و دەسەڵاتەکانی فەرمانگەكه‌ درابوو، كه‌ بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ناردبوویان.